هه‌ڵگری په‌یامی ئاشتی
Jun 08, 2017

پێش ماوه‌یه‌ك  هاورێیه‌كم كه‌ خۆی بالوێزی یونسكۆیه‌ بۆ پرۆژه‌ فۆتۆگرافییه‌كان، ئاگاداری كردمه‌وه‌ كه‌ وه‌ك بالیۆز و سه‌فیری پرۆژه‌یه‌كی فۆتۆگرافی له‌ ڵایه‌ن لوسی فۆنده‌یشن ده‌ستنیشان كراوم  بۆ كوردستان و عێراق كه‌ ئه‌و منی پێشنیار كردبوو،  به‌ خۆشحالییه‌وه‌ ئه‌م ئه‌ركه‌م له‌ ئه‌ستۆ گرت كه‌ ببه‌م به‌ پردێك بۆ هاورێیه‌ وێنه‌گره‌كانم  تاكۆ كاره‌كانیان چانسی به‌شداری له‌ پێشانگایه‌كی ناوازه‌ی هه‌بێت، بۆ منیش ئه‌زموونێكی تازه‌ ده‌بێت و هیوادارم شه‌رمه‌زاری هاورێیه‌كانم نه‌بم.

ئه‌م جۆره‌ نوێنه‌رایه‌تیه‌ زۆر باوه‌ له‌ دنیای هونه‌ر و به‌ تایبه‌ت له‌ فۆتۆگرافی، ئه‌مه‌ش جۆره‌ پێكه‌وه‌ بستنی هونه‌رمه‌ندی لۆكاله‌ به‌ دنیای ده‌ره‌وه‌ كه‌ ده‌رفه‌ت ده‌ره‌خسێنێ بۆ ئه‌و كه‌سانه‌ی په‌یوه‌ندی راسته‌وخۆیان له‌گه‌ل بنكه‌ ناسراوه‌كانی چاڵاك له‌ مه‌جالی هونه‌ری نییه‌،

..................................................................................... 

پرۆژه‌ی ٣ كیلۆمه‌تر

پرۆژه‌ی ٣كیلۆمه‌تر وه‌لامێكی فۆتۆگرافییانه‌یه‌ به‌رامبه‌ر به‌ قه‌ده‌غه‌كردنی گه‌شتی  هاووڵاتیانی هه‌ندێ له‌ وڵاتان بۆ ئه‌مریكا، له‌ راستیدا ئه‌مه‌ پێشبڕكێیه‌كی فۆتۆگرافی ده‌بێت كه‌ مه‌به‌ستی گێرانه‌وه‌ی چیرۆكه‌ نه‌وتڕاوه‌كانی هاوڵاتیانه‌ له‌ وڵاتانی ئه‌مریكا، سۆمال، لیبیا،ئێران، عێراق، سوریا و سودان و یه‌مه‌ن.

٣كیلۆمه‌تر هیواداره‌ كه‌ له‌م رێگه‌یه‌وه‌ نۆرمه‌ هاوبه‌شه‌كانی ژیانی كۆمه‌لایه‌تی گه‌لانی جیاوازی ئه‌م وڵاتانه‌ له‌ پاڵ یه‌ك دابنرێت و پاڵنه‌رێك بێت بۆ پێكه‌وه‌ ژیانی ئاشتیخوازانه‌.

ئێمه‌ داوامان له‌ وێنه‌گرانی ئه‌م هه‌شت وڵاته‌ كردووه‌ كه‌ سیما جیاوازه‌كانی ژیانی رۆژانه‌ی ژینگه‌ی خۆیان له‌ مه‌ودای سێ كیلۆمه‌تردا تۆمار بكه‌ن و بیسپێڕنه‌ ده‌ست نوێنه‌ر و بالوێزه‌كانمان تا كۆ له‌ رێگه‌ی پرۆسه‌ی هه‌ڵسه‌نگاندنه‌وه‌ باشترینه‌كان بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ دیاری بكرێت.

بیرۆكه‌: له‌ كانوونی دووه‌می ئه‌مساڵ (٢٠١٧)  به‌ مه‌به‌ستی  قه‌ده‌غه‌ كردنی گه‌شت و هاتنی هاوڵاتیانی حه‌وت وڵات كه‌ زۆربه‌یان موسلمانن سه‌رۆك ترامپ فه‌رمانێكی تایبه‌تی ده‌ركرد،  بۆ به‌ره‌نگار بوونه‌وه‌ی ئه‌م بڕیاره‌، خۆپیشاندان له‌ سه‌رتاسه‌ری ئه‌مریكا ده‌ستی پێكرد. خه‌لكی ئه‌مریكا شانبه‌شانی په‌ناخواز و ئاواره‌كان ئه‌م بڕیاره‌ مه‌ترسیداره‌یان كه‌ به‌ بیانوی شه‌ڕ له‌ دژی تێرۆر ده‌ركرابوو، شه‌رمه‌زار و ئیدانه‌ كرد.

پرۆژه‌: له‌ جیاتی ئه‌وه‌ی وته‌ییه‌كی  شه‌ڕ ئه‌نگیزانه‌  بوتڕێت و تۆی كینه‌  له‌ ناو نه‌ته‌وه‌كان بڵاوه‌ پێبكرێت، پرۆژه‌ی ٣كیلۆمه‌تر ده‌یه‌وێت به‌ به‌رچاوخستنی به‌رهه‌می وێنه‌گره‌كانی ئه‌مریكی و هه‌روه‌ها وێنه‌گرانی ئه‌م حه‌وت وڵاته‌ قه‌ده‌غه‌ كراوه‌، ئه‌و بابه‌تانه‌ی كه‌ میدیای جیهانی گرنگییان پێنادات و رووماڵی ناكات بخاته‌ به‌ردیدی نیشته‌جێبووانه‌ی ئه‌م هه‌شت وڵاته‌.

پرۆژه‌ی ٣كیلۆمه‌تر نیازی وایه‌ كه‌ ئه‌و پڕسیارانه‌ بورژێنێت كه‌ په‌یوه‌ندیداره‌ به‌ ئازادی و ناسنامه‌،  و هه‌ر وه‌ها توانا و شیانی هونه‌رمه‌نده‌ وێنه‌گره‌كان  ده‌ربخات كه‌ چه‌ند ده‌توانێت كاریگه‌ر بێت له‌ گۆرینی بیرۆكه‌ سلبییه‌كان و له‌یه‌ك تێگه‌یشتنێكی دروست بێته‌ كایه‌وه‌. 

ئه‌م چاڵاكییه‌ سه‌رنجڕاكێشه‌ له‌وانه‌یه‌ ببێته‌ هۆی له‌یه‌ك تێگه‌یشتنی باشتر، بۆ نموونه‌ خه‌لكانی دانیشتووی مۆگادیشۆ و لوس ئه‌نجلێس كه‌ له‌ راستیدا پانزده‌ هه‌زار كیلۆمه‌تر له‌یه‌ك دوورن،  تاكه‌كانیان به‌ڵام هه‌مان هیوایان هه‌یه‌ بۆ ژیانی باشتر و هه‌مان خه‌میان هه‌یه‌ بۆ دوارۆژی مناڵه‌كانیان.

 هه‌رچه‌نده‌ ژینگه‌ و باری ئابووری به‌ روونی ده‌ریده‌خات كه‌ ئه‌مانه‌ له‌یه‌ك جیاوازن به‌ڵام وێنه‌گره‌كان ئه‌م ده‌رفه‌ته‌یان ده‌بێت كه‌ له‌ رێگه‌ی ئه‌م پرۆژه‌یه‌وه‌ چیرۆكی ناوچه‌كه‌ی  خۆیان له‌ دووری سێ كیلۆمه‌تر كه‌ لێی ده‌ژین بگێرنه‌وه. 

ئامانجی ئه‌م پرۆژه‌یه‌ پیشان دانی شێوازی ژیانی رۆژانه‌ی ئه‌و كه‌س و شوێنه‌یه‌ كه‌ وێنه‌گره‌كه‌ لێی ده‌ژیت، بۆ نموونه‌: چۆن نانی به‌یانی ده‌خۆن، چۆن ده‌خه‌ون، چۆن مناله‌كانیان ده‌گه‌یننه‌ قوتابخانه‌ و رۆژی خۆیان چۆن به‌سه‌ر ده‌به‌ن. پیشاندانی ئه‌م بابه‌ته‌ له‌ كۆتایی باڕێك ده‌خولقێنێ كه‌ باشتر له‌یه‌ك تێبگه‌ن و هاوسۆزییه‌كی راسته‌قینه‌ بێته‌ ئارا و  هه‌ر وه‌ها ئه‌و وێنه‌ ناراسته‌ی له‌ناو حزریان چاك بووه‌، راست بكرێته‌وه‌ و بگه‌نه‌ ئه‌م خاڵه‌ی كه‌ ئه‌وانیش وه‌كو ئێمه‌ن و زۆر جیاوازیمان نیه‌.

به‌ كورتی ٣كیلۆمه‌تر ده‌یه‌وێت په‌یامێك بێت بۆ برایه‌تی له‌ رێگه‌ی وێنه‌ و پێشاندانی ژیانی رۆژانه‌.

حوسین فه‌رمانی و ئه‌لین دێشامپ هه‌ڵده‌ستن به‌ كاروباری تایبه‌ت به‌ پێشانگاكه‌ كه‌ نیاز وایه‌ به‌ شێوه‌ی چاپكراو و له‌ شوێنه‌ گشتی و شه‌قامه‌كانی ئه‌و هه‌شت ولاته‌ پیشانبدرێت.

كۆتا به‌ڕواری وه‌رگرتنی وێنه‌كان:  ١٥ كانونی یه‌كه‌م ٢٠١٧

خه‌ڵات: هه‌زار دۆلار خه‌لات بۆ باشترین وێنه‌ و به‌شداری له‌ پێشانگای گه‌رۆك له‌ هه‌شت وڵاتی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌راست و ئه‌مریكا و به‌ تایبه‌ت له‌ چاڵاكی ناسراو به‌ مانگی فۆتۆگرافی له‌ شاری لوس ئه‌نجلێس و هه‌روه‌ها وه‌شانی میدیایی له‌ رێگه‌ی لوسی فۆنده‌یشن.

یاساكان:

- هه‌موو ئه‌و وێنه‌گرانه‌ی ته‌مه‌نیان سه‌رووی هه‌ژده‌ ساڵه‌ و خه‌لكی ئه‌مریكا، سۆمال، سوریا، ئێران، عێراق، یه‌مه‌ن، سودان و لیبیان مافی باشدارییان هه‌یه‌ له‌م پێشبڕكێیه‌.

- هه‌ر  وێنه‌گرێك بۆی هه‌یه‌ تاكۆ ده‌ وێنه‌ بنێرێت، وێنه‌كان ده‌بێ باس له‌ ژیانی رۆژانه‌ی ئه‌و ناوچه‌یه‌ بكات كه‌ وێنه‌گڕه‌كه‌ لێی ده‌ژیت به‌ درێژایی سێ كیلۆمه‌تر. 

- ئێمه‌ به‌دوای ئه‌و جۆره‌ وێنانه‌ ده‌گه‌رێین كه‌ چیرۆكێكی به‌هێز بگێرێته‌وه‌ و  داهێنه‌ڕانه‌ و روون بێت و پێكهاته‌یه‌كی باشی هه‌بێت.

وێنه‌كانتان ده‌توانن بۆ ئێمه‌یلی من بنێرێن یا به‌ شێوه‌یه‌كی راسته‌وخۆ له‌م لینكه‌ ئاپلۆدی بكه‌ن:

http://grantpad.com/scholarship/view/The-3K-Project

ئێمه‌یلی خۆم: Younespen@gmail.com


ئەم بابتەتە (1) کۆمێنتی هەیە

جيدبيت هةروينةكي بابةتىَ خوهةبيت ؟ (مةرج نينة فوتو ستوريبيت )
ali banki لە بەرواری ١٣ تەمموز، ٢٠١٧

كۆتا پۆستەکان

سۆشیال میدیا و كاری به‌ گرۆپ ٣ تشرینی دووەم، ٢٠١٧ خه‌ڵاتی زێوی فه‌ره‌نسی ٤ تشرینی یەکەم، ٢٠١٧ هونه‌ر له‌ خزمه‌تی ئاشتی ١١ ئەیلوول، ٢٠١٧ هه‌ڵگری په‌یامی ئاشتی ٨ حوزەیران، ٢٠١٧ سێ راگه‌یاندنكاری برینداری جه‌نگ ٢٤ ئایار، ٢٠١٧